ژمارەیەک پەرلەمانتارى پارتى ئاشتى و دیموکراسی لە پەرلەمانى تورکیا لەکۆبونەوەى پەرلەماندا داوایانکرد وشەى “کوردو کوردستان” لەچوارچێوەى دەستورى نوێی تورکیا جێی بکرێتەوەو بکرێتە ناو دەستوورەوە.
هەریەکە لە “دەمیر چەلیک” و “سرى ساکک” نوێنەرانى “موش” لەپەرلەمانى تورکیا رایانگەیاند پێویستە وشەی کورد و کوردستان لە دەستووری نوێی ئەو وڵاتەدا جێگیربکرێت.
بەڵام “سادق یاکوت” سەرۆکی پەرلەمانى تورکیا قسەى بەو دوو پەرلەمانتارانە بڕى و رێگەی نەدا درێژە بە قسەکانیان بدەن.
بەو هۆیەشەوە، حەسیپ کاپڵان نوێنەری شرناخ و جێگری سەرۆکى فراکسیونی پارتی ئاشتی و دیموکراسی بەتوندی دژی ئەو هەڵوێستەی سەرۆکی پەرلەمان وەستایەوە.
کاپڵان وتى “بەدژایەتی کردنی داخوازییەکانی کورد ناگەنە هیچ ئامانجێک و ناشتوانن بڵێن وشەی کورد و کوردستان قەدەغەیە. مستەفا کەمال ئاتاتورک دامەزرێنەری کۆماری تورکیا باسی لە کورد و کوردستان کردووە و ئەمەش لە ئەرشیڤی پەرلەماندا هەیە”.
بڕیارە ئەمساڵ دەستورى نوێی تورکیا دابڕێژرێتەوەو لیژنەیەک لەهەر چوار پارتى تورکیا لەپەرلەمان بۆ داڕشتنەوەى پێکهێنراوە، داننان بە وشەى کوردو کوردستانیشدا لەو دەستورە نوێیە یەکێکە لە داواکارییەکانی پارتی ئاشتی و دیموکراسیی.